Safvan Allahverdi,Mohammed Baqi Hussein
01 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2019
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ رایگەیاند، سەرۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ بڕیاریداوە وڵاتەكەی بەجێبهێڵێت، بەڵام رووسیا پاشگەزی كردووەتەوە.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی Fox Newsی ئەمریكی، مایک پۆمپیۆ دوایین پێشهاتەكانی ڤێنیزوێلای هەڵسەنگاند.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ماوەیەك لەمەوبەر مادورۆ بڕیاریداوە وڵاتەكەی بەجێبهێڵێت و روو بكاتە كوبا و گوتی: "رووسیا هاتووەتە سەر خەت و پاشگەزی كردووەتەوە لەو بڕیارە".
مایک پۆمپیۆ گوتی: "ئومێدەوارم مادورۆ جارێكیتر بیر لەو بڕیارە دەكاتەوە و سواری ئەو فڕۆكەیە دەبێت. وەك بەڕوونی رامانگەیاندووە، ئێمە پشتگیریی سەرۆكی پەرلەمانی ڤێنیزوێلا و سەرۆكی كاتی، خوان گوایدۆ دەكەین و باوەڕمان وایە كاتی ئەوە هاتووە گەلی ڤێنیزوێلا ئابووریی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. بەو جۆرە منداڵەكان دەتوانن نان بخۆن و نەخۆشەكان ئەو دەرمانانەیان بەدەست بگات كە لەسەر سنووری وڵاتەكەیان چاوەڕێی دەكەن".
لە لایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ لێدوانەکانی سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادورۆی رەتكردەوە كە رایگەیاندبوو، ئەمریكا دەیەوێت ڤێنیزوێلا داگیربكات و رایگەیاند، ئەمریكا هەموو بژاردەكان هەڵدەسەنگێنێت و گوتی:
"ئەگەر بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دیموكراسی لە ڤێنیزوێلا پێویست بكات، سەرۆك ترەمپ زۆر كراوەیە بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی. هیوادارین شتێكی لەو جۆرە روونەدات. هیوادارین مادورۆ بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببات، دەڕوات و ئەمە چارەسەرێكی ئاشتییانە دەبێت. چاودێریی ئەوانە دەكەین كە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و بەرپرس دەبن لەوەی ئەنجامی دەدەن. سەرۆك ترەمپ لەبارەی تازەبوونەوەی دیموكراسییەتی ڤێنیزوێلاوە لێدوانی روون و ئاشكرای داوە".
رۆژی سێشەممە، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی پەرلەمانی ڤێنیزوێلا، خوان گوایدۆ كە خۆی بە سەرۆك راگەیاندووە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بانگەوازی لە هاووڵاتییان و سوپا كرد بڕژێنە شەقامەكان.
خوان گوایدۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە تویتەر بڵاویكردووەتەوە، هاوشان لەگەڵ گرووپێك سەرباز و چالاكی ئۆپۆزسیۆن، لیۆپۆڵدۆ لۆپێز لە نزیك بنکەی سەربازی ئاسمانیی لا كارلۆتا لە كاراكاسی پایتەخت دەردەکەوێت بانگەواز لە سوپا دەكات بە مەبەستی پاراستنی دەستوور بڕژێتە شەقام و رایگەیاند:
"بۆ ئەوەی وڵات بکەوێتەوە سەرپێی خۆی بە شێوەیەكی دیموكراسی، بانگەوازتان لێدەكەم راپەڕن. ئیدی كاتی هاتووە".
دواتر جێگری سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادۆرو و وەزیری پەیوەندی و راگەیاندن، خۆرخێ رۆدریگێز رایگەیاند، گرووپێکی بچووکی سەربازی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەیە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا دەدەن و دووپاتیکردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵی کودەتایە.
میدیای رۆژئاوا بڵاویانکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ڤێنیزوێلا گازی فرمێسکڕێژیان دژبە خوان گوایدۆ بەکارهێناوە لە میانی گردبوونەوەی ژمارەیەک کەس کە جلی سەربازییان پۆشبوو لە نزیک بنکەی سەربازی ئاسمانیی لا كارلۆتا لە كاراكاسی پایتەخت.