Zana Natık Kerem
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە سەردانێک گەیشتە لەندەن کە لە میانیدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن بەسەردانێکی فەرمی کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت گەیشتووەتە لەندەن.
راشیگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی عیراق لە میانی سەردانەکەی بۆ لەندەن، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەچوارچێوەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و بەریتانیا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
باسی لەوەیش کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ لەندەن لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیمس کلێڤەرلی و وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بێن واڵس و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران، رۆبێرت جێنریک و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تۆم تۆکھندات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا، ئەلیشا کیرنز و سەرۆکی لیژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی بەریتانیا، تۆبایس ئیلۆد و گرووپی سەرجەم پارتەکان لە پێناو عێراق (APPG) کۆدەبێتەوە.
ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەکەی بۆ لەندەن لەچوارچێوەی پتەوترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ ھەریەک لە بەرپرسانی بانکی ئەورووپی بۆ دووبارە بیناتنانەوە و گەشەپێدان (EBRD) و ژمارەیەک خاوەن کار و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (BT) کۆدەبێتەوە.
کۆمپانیای (BT)، کۆمپانیایەکی بەریتانیی فرەڕەگەزە و خزمەتگوزاری لە کەرتی پەیوەندیی پێشکەش دەکات و لە ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە لەندەن پایتەختی بەریتانیایە.
کۆمپانیاکە لە ١٧٠ وڵاتی جیهان، خزمەتگوزاری لەبواری پەیوەندییەکاندا پێشکەش دەکات.