Bahattin Gönültaş
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2023
بەرلین - AA
لە ئەڵمانیا ژمارەی کۆچی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە ٣٢٩ هەزار راگەیەندراوە، بەهۆی جەنگ لە ئەورووپا نزیکەی چوار هێندە زیادیکردووە و بەرزبووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و ٤٦٢ هەزار، کە ئەوەیش بەرزترین ئاستە لە ماوەی ٧٢ ساڵی رابردوودا.
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری فیدراڵی ئەڵمانیا، وڵاتەکە کە ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و ٦٦٦ هەزار کەس کۆچی بۆ کردووە، ژمارەی ئەوانەی جێیانهێشتووە یەک ملیۆن و ٢٠٤ هەزار کەس بوون.
لە کاتێکدا ژمارەی کۆچ لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ وڵاتەکە ٣٢٩ هەزار بووە، ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٦٢ هەزار. بەو شێوەیەش، ژمارەی کۆچی ساڵانە کە لە ساڵی ١٩٥٠ەوە تۆمار دەکرێت، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
لە راگەیەندراوی نووسینگەکەدا هۆکاری زیادبوونی کۆچەکە گێڕدراوەتەوە بۆ جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، کە هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن لە ئۆکرایناوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیا کردووە.
ساڵی رابردوو، نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە ئۆکرایناوە کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا و، ١٣٨ هەزار کەسیش لە ئەڵمانیاوە کۆچیان کردووە بۆ ئۆکراینا.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ٢٧ وڵاتی ئەورووپاوە کۆچیان بۆ ئەورووپا کردووە، بە بەراورد بەو ژمارەیەی لە ئەڵمانیاوە کۆچیان کردووە ٨٧ هەزار زیاترە. ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨١ هەزار بووە.
بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆمانیا، پۆڵەندا و بولگاریاوە کۆچ کراوە بۆ ئەڵمانیا.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ئاماری فیدراڵی ئەڵمانیا، ژمارەی کۆچ لە سووریاوە بۆ ئەڵمانیا ٦٨ هەزار و، لە ئەفغانستانەوە ٥٥ هەزار بووە.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٩ هەزار کەس لە تورکیاوە کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا و، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ٤٩ هەزار.