Zana Natık Kerem
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
ھەولێر – AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق گواستنەوەی سێ ھاووڵاتیی عێراقی لە سوودانەوە بۆ سعوودیە رایگەیاند.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سێ ھاووڵاتیی عێراقی لە سوودانەوە گواستراونەتەوە و گەیشتوونەتە شاری جیددە رۆژئاوای سعوودیە.
پێشتر ئەحمەد سەحاف رایگەیاندبوو کە لە میانی شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان، ١٤ ھاووڵاتیی عێراقی لە شاری خەرتومەوە گواستراونەتەوە بۆ شاری پۆرت سوودان.
دوای خراپبوونی رەوشی سوودان بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەھەماھەنگی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات، دەستی کردووە بە گواستنەوەی ھاووڵاتییانی خۆی لەو وڵاتە.
رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و ژمارەیەک شاری دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا کە تا ئستا بەردەوامە.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا لەبارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تیایدا پێشنیاز کرابوو ھێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، ٤١٣ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٥٥١ی دیکەش برینداربوون.