Heman Hussein Yaseen
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی کوردستان دادەنیشێت و بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەیش دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر دەبێت.
بڕیارە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە شەشی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی دووەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی خۆی، ساز بکات.
بەپێی کارنامەکە لە کۆبوونەوەکەکدا، پێنج پرۆژەیاسا و بابەت تاوتوێ دەکرێن و میوانداریی وەزیرانی ناوخۆ، تەندروستی، کاروباری پێشمەرگە، دارایی و ئابووری، پلاندانان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستاندنی ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەکرێت.
لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا ھاتووە "ئەو تەوەرانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێن بریتیین لە؛ پرۆژەیاسای لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان و، دەنگدان لەسەر داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان، سۆران عومەر سەعید لە ئەندامیەتیی پەرلەمانی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی کارنامەکەدا ھاتووە کە خوێندنەوەی راپۆرتی کۆبوونەوەی ھاوبەشی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم سەبارەت بەدۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوچەکە، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان ھەرێم و بەغدا و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
هەروەها بەپێی کارنامەکەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی راپۆرتی لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بەپەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پێشنیازی یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە خاڵێکی دیکەی کارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندان، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەکرێت.