Abdullah Shukur
02 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2017
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانویڵ ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا و تێدا رایگەیاند کە ئەو ھەوڵدەدات دیالۆگێکی بونیاتنەر و سەرکەوتوو لە نێوان ئیدارەی ھەولێر و بەغدا دەستەبەر بکرێت.
ماکرۆن و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی ئیلیزێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست. ھاوکات جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانیش ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بوو.
ماکرۆن لە سەرەتای وتەکانیدا رایگەیاند کە ئەو گرنگی بە مافی گەلی کورد لە عێراق دەدات، راشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تاوتوێ کردووە.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ھەڵسەنگاندنیان بۆ پرسی ریفراندۆم کردووە، گوتیشی: "فەڕەنسا گرنگی بە یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەھێزبوونی عێراق دەکات".
ماکرۆن ئاماژەی بە گرنگی ئەو ئاگربەستە کرد کە لە مانگی تشرینی یەکەم لە باکووری عێراق بەستراوە و گوتیشی: "فەڕەنسا داوای ئەنجامدانی دیالۆگێکی نیشتمانی و بونیاتنەر لە عێراق دەکات".
سەرکۆماری فەڕەنسا راشیگەیاند کە دەبێ دان بە دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە سنوورەکانی عێراق لە چوارچێوەی ئەم دیالۆگە دابنرێت. ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی ھەوڵدەدات بۆ پاراستنی مافی کوردەکان و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
سەرکۆماری فەڕەنسا جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامادەبوونی تاڵەبانی لێرە سیمبۆڵێکی گرنگە بۆ گەلی کورد و ئاشکراشی کرد کە لە چەند مانگ و ھەفتەی داھاتوو، فەڕەنسا ئەوەی لەدەستی بێ دەیکات بەمەبەستی بەردەوامبوونی دیالۆگ.
ماکرۆن ئاشکراشی کرد کە فەڕەنسا پابەندە بە دیالۆگی نێوان ھەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە. ئاشکراشی کرد کە لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دەکات. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "بۆ من عێراقێکی گشتگير و یەکگرتوو لە وادەی نزیک و درێژ گرنگە بۆ دەستەبەربوونی سەقامگیری".
لە کۆتایيدا ماکرۆن رایگەیاند کە ئەو ھەوڵدەدات دیالۆگێکی بونیاتنەر و سەرکەوتوو لە نێوان ئیدارەی ھەولێر و بەغدا دەستەبەر بکرێت.