رۆما
سەعات ٧:٣٠ی ئێوارەی رۆژی ھەینی بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی ناوداری وەرزشی و سیاسی، لە رێوڕەسمێکدا کە لەشاری سالڤادۆری بەرازیل بەڕێوەچوو، یەکێتیی تۆپی پێی فیفا تیروپشکی بۆ ھەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال ئەنجامدا.
گرووپەکان بەمجۆرەن:
گرووپی یەکەم: بەرازیل – کرواتیا – مەکسیک – کامیرۆن
گرووپی دووەم: ئیسپانیا – ھۆڵەندا – چیلی – ئوسترالیا
گرووپی سێیەم: کۆڵۆمبیا – یۆنان – کۆدتیڤوار – یابان
گرووپی چوارەم: ئۆرگوای – کۆستەریکا – ئینگلتەرە – ئیتالیا
گرووپی پێنجەم: سویسرا – ئیکوادۆر – فەرەنسا – ھندۆراس
گرووپی شەشەم: ئەرجەنتین – بۆسنەھەرسک – ئێران – نێجیریا
گرووپی حەوتەم: ئەڵمانیا – پرتوگال – غانا – ئەمریکا
گرووپی ھەشتەم: بەلجیکا – جەزائیر – روسیا – کوریای باشوور
دوای مەراسیمی تیروپشکەکە راھێنەری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا سیزەر پراندێللی، بۆ تەلەڤزیۆنی ئیتاڵی RAI گوتی: "ئیتاڵیا لە زەحمەتترین گروپدایە، پێویستە تۆزێک زیاتر لە پێویست خۆمان ماندوو بکەین. پێموایە سەرکەوتنمان بەندە بە ئامادەباشیی پێشوەختەی تیپەکەمان."
پراندێلی ھەروەھا بۆ تەلەڤزیۆنێکی دیکەی ئیتاڵی بەناوی SKY گوتی: "نیگەران نیم بەوەی رووبەڕووی ئۆرگوای، کۆستەریکا، ئینگلتەرە دەبینەوە کە سێ لە ھەڵبژاردە گەورەکانی جیھانن، بەڵام ئەگەر راگەیاندن گروپەکەمان بە ئاسان دابنێ ئەوکات نیگەران دەبم."
پراندێللی گوتی کە ئەو خاڵەی بۆتە ھۆی سەرقاڵکردنی و بیری لێدەکاتەوە، کەش و ھەوا شێدارەکەی وڵاتی بەرازیلە کە زۆر جیاوازە لەگەڵ کەشوھەوای ئەوروپا.
دوای ئەوەی پرسیاری لێکرا لەبارەی مەترسیدارترین ھەڵبژاردەی گروپ بۆ ئیتاڵیا، پراندێللی بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە: "ھەڵبژاردەی کۆستەریکا، چونکە نایناسین و بەتەواوی شارەزای یاریکردنی نین. بێگومان ئامانجی سەرەکیی ئێمە دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ گەیشتنمان بە قۆناغی ١٦ی مۆندیال."
ھەروەھا فابیۆ کاپیلۆ راھێنەری پێشووی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا کە ئێستا ئەرکی راھێنەرایەتیی روسیای لە ئەستۆدایە گوتی: "ئیتاڵیا کەوتۆتە گروپێکی زەحمەت، ھیوادارم یارییەکی باش ئەنجام بدەن و سەرکەوتن بەدەست بێنن".
لەبارەی گروپی ھەڵبژاردەی روسیا کاپیلۆ گوتی: "بێگومان روسیا کەوتە گروپێکی ساناتر لە ئیتاڵیا."
راگەیاندنەکانی ئیتاڵیا گروپەکەیان بە ئاسایی دەزانن و ھیچ زەحمەتییەک نابینن لەپێش ھەڵبژاردەکەیان.