Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
ھەوێردە باڵندەیەكی بچووكە و كێشی دەگاتە 250 تا 350 گرام.

ماوەی سێ مانگە لە شاری هەڵەبجە گێڵگەیەكی پەلەوەری بەخێوكردنی ئەم جۆرە باڵندەیە كراوەتەوە و رۆژانە هاووڵاتییان سەردانی ئەو كێڵگەیە دەكەن و بۆ جوانی و سوود وەرگرتن لە سوودە تەندروستییەكانی گۆشت و هێلكەكەی، ئەو باڵندەیە دەكڕن.
خاوەنی پڕۆژەكە، بیلال فەرەج لە بارەی پڕۆژەكەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پڕۆژەیە یەكەم پڕۆژەی لەو شێوەیەیە لە هەرێمی كوردستان، پێشتر لە بەغداوە ئەم باڵندەیەمان هێنایە هەڵەبجە و سەرەتا 500 ھەوێردە و هێلكەمان هێناو پڕۆژەكەمان كردەوە و دەستمانكرد بە پەرەپێدان و بەخێوكردنی ئەم باڵندەیە".

بیلال فەرەج گوتی: "بۆ خۆمان دوو ئامێری هەڵهێنانی هێلكەی ھەوێردەمان دروستكردووە كە توانای هەڵهێنانی زیاتر لە هەشت هەزار هێلكەی هەیە لە ماوەی 15 رۆژدا".

ناوبراو لە بارەی باڵندەكەوە زیاتر دوا و گوتی: "ھەوێردە باڵندەیەكی بچووكە و گۆشت و هێلكەكەی تایبەتمەندی زۆریان هەیە و چەندین سوودی تەندروستیان هەیە بۆ نەخۆشی درێژخایەن، نەخۆشی كوشندە، پێست و جوانكاری، نەخۆشی هەناوی، گەشە و توانای جەستە و چەندین نەخۆشی شەكرە و هی تر ...".
ھەوێردە بۆ ماوەی نۆ ساڵ دەژی و ساڵانە نزیكەی 300 هێلكە دەكات، زۆرێك لەو كەسانەی ئەم باڵندەیە دەكڕن لە ماڵ و باخچەكاندا بۆ جوانی و گۆشت و هێلكەكەی بەخێوی دەكەن.