Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکردە شیعەکان کۆبوویەوە.
ئەمەیش داوی رۆژێک لە بۆردومانەکانی سوپای پاسداران بۆسەر بارەگاکانی "حدکا" لە کۆیە و بارەگاکانی "کۆمەڵە" لە ناوچەی زڕگوێز سەربە پارێزگای سلێمانی دێت.
هەر لەم بارەیەوە کەناڵی "العالم"ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسماعیل قائانی لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە لەنێویاندا سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید و سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی عێراقی، ئیسماعیل قائانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی پاڵپشتی ئێرانی بۆ حکوومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە.
ئاشکراشیان کردووە کە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆبووەتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراوە.