Heman Hussein Yaseen
15 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی لە دیدارێکدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی و ھەنگاوەکانی حکوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کراوە و ھەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکوومەتی عێراق و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی حکوومەت دووپاتکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی لە دیدارەکەدا، تیشکخراوەتە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جەخت لە رۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوەندە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوەتەوە.
ھەروەھا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێویستە گرفتەکان دوور لە زمانی ھەڕەشە و لەسەر بنەمای دیالۆگ چارەسەر بکرێن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا و بڕیاریشە سبەی چوارشەممە، بۆ بەشدارییکردن لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە شاری دھۆک بەڕێوەدەچێت، سەردانی پارێزگای دھۆک بکات.