Zahir Sofuoğlu
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
لەفكۆشا – AA
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، دەنگدەران لە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور بە مەبەستی بەشداریكردن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی كۆماردا، روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد.
پڕۆسەی دەنگدان لە كاتژمێر هەشتی بەیانی بە كاتی ناوخۆ دەستیپێكرد و تا كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور هەریەك لە كاندیدی سەربەخۆ و سەركۆماری ئێستا، مستەفا ئاكنجی و سەرۆكی پارتی یەكێتیی نیشتمانیی، ئەرسین تاتار ركابەری یەكتر دەكەن.

خولی یەكەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور لە 11ی ئەم مانگە ئەنجامدرا كە لە میانیدا هیچ كاندێك نەیتوانی سەدا 50ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، 199 هەزار و 29 كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەتوانن لە 738 بنگەی دەنگدان، دەنگ بدەن.
چاوەڕوان دەكرێت ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان كاتژمێر 10ی ئەمشەو رابگەیەندرێت.